ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد: 90%ی ئاوی روباری دیجلە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ شیاو نەماوە
لاڤە
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە عیراق هۆشداری دەدرێت لە پیسبوونی ئاوی روباری دیجلە و فورات و هاووڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە كە ئاوی ئەو دوو روبارە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ و تەنانەت راوەماسی شیاو نەماون.
روانگەی عیراقی سەوز لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، ئاستی ئاوی روباری فورات بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی دەیەیەكدا دابەزیوە، بەهۆیەوە پیسبوونی ئاوەكە زیادی كردووە و بووەتە هەڕەشە بۆ سیستمی ئاو و ژینگە.
هۆكاری سەرەكیش دەگەڕێندرێتەوە بۆ فڕێدانی راستەوخۆی پاشماوەی پزیشكی و تەندروستی بۆ ناو روبارەكە و هەروەها ئۆكسجینی تواوە لە ئاوەكەدا كەمبووەتەوە و هەڕەشە لە ژیانی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەكان دەكات، ئەوە سەرباری تێكەڵبووی بڕێكی زۆر لە ئاوی كشتوكاڵی كە پەینی كیمیایی و خوێی تێدایە.
روانگەكە هۆشداری دەدات لەوەی ئەو كارەساتە ژینگەییە كۆچی ناوخۆیی لە ناوچەی زۆنگاوەكان و گوندەكان زیاد دەكات، چونكە سامانی ماسی و ئاژەڵ لەناودەچێت، بە تایبەت كە لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 500 سەر گامێش لەناوچووە و 70%ی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بێبەرهەم بوون.
هاوكات ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد رایگەیاندووە، 90%ی ئاوی روباری دیجلە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ شیاو نەماوە، ئەوەش هەڕەشەیە بۆ نزیكەی دە ملیۆن دانیشتووی بەغداد كە ئاوی روبارەكە بەكاردەهێنن، بە تایبەت بۆ خواردنەوە.



