سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایدەکات؛ موجتەبا خامنەیی، دوای دیاریکردنی مەرجەکانی تاران، مۆڵەتی دەستپێکردنی دانوستانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەخشیوە.

یەدوڵڵا جەوانی، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ پەیامی ئەم دواییەی موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران بە واتای دژایەتیکردنی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن نایەت، بەڵکو هەندێک کەس بەپێی ئارەزووی خۆیان لێکدانەوەیان بۆ پەیامەکە کردووە و بە بەڵگەی رەتکردنەوەی بنەمای گفتوگۆیان داناوە؛ لە کاتێکدا ئێران هەمیشە لە ناو پرۆسەی دانوستاندا بووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە سیاسییەدا، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی گفتوگۆکانی نێوان لێپرسراوانی باڵای ئەمریکا و ئێرانیان لە سویسرا راگرت؛ ئەمەش دوای سەرەتایەکی ئاڵۆز کاتێک تاران هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمزی کرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردەوە.

لەلایەکی ترەوە، هەردوو وڵاتی نێوەندگیر (قەتەر و پاکستان) لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد، ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشە رێگەیەک رێککەوتوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەم هەفتەیەدا لە هاوینەهواری "بۆرگنشتاک" لە سویسرا بەردەوام بن.