کۆشکی سپی رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا دواخستووە، کە بڕیار بوو رۆژی هەینی بە مەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجامی بدات، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وتەبێژی کۆشکی سپی درەنگانی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند: کاروباری لۆجیستی ئەم دانوستانانە بە هیچ شێوەیەک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون.

تا ئێستا جێگری سەرۆک ئەمشەو بەڕێ ناکەوێت، وتیشی: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی گفتوگۆیە تەکنیکییەکانین لە زووترین کاتدا.

ڤانس رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە ماوەی 60 رۆژی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە.
ناوبراو بە رۆژنامەنووسانی لە کۆشکی سپی راگەیاند: دەڵێم ماوەی 60 رۆژەکە ئەمڕۆ بە رەسمی دەستیپێکردووە، و ئەمڕۆش دەست بە ژماردنی پێچەوانە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانە کۆتاییەکان مەرجەکانی تایبەت بە گەروی هورمز بۆ قۆناغی دوای 60 رۆژەکە دیاری دەکەن.

هەروەها رایگەیاند: لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییدا، پێمان وایە ئێران نابێتە خاوەنی هیچ مووشەکێک کە هەڕەشە لە جیهان بکات، وتیشی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی هاتووە.

ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە: ئێرانییەکان پێویستیان بە پارەیەکی زۆر دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.