راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق: دواكەوتنی بودجە كاریگەریی لەسەر موچه نابێت
سەعید
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی موچەی فەرمانبەران دڵنیایی دەدات و دەڵێت لە ئەگەری دواكەوتنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، دابەشكردنی موچە پەكی ناكەوێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، دواكەوتنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2026 كاریگەریی لەسەر خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی نابێت.
جەختیشیكردەوە، ئەو مووچانە لە خەرجییە بنەڕەتییەكانن كە دەوڵەت پابەندە بە دابینكردنیان بەپێی ئەو چوارچێوە یاسایی و داراییانەی كە بەركارن.
راشیگەیاند، سیاسەتی دارایی هێشتا بەپێی بڕگەكانی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی بەڕێوەدەچێت، كە میكانیزمەكانی خەرجی گشتی رێكدەخات لە كاتی دواكەوتنی پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا.



