سەرۆک کۆمار لە بەغداد سەردانی نوسینگەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد
سام
١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
نزار ئامیدی سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە ـی 6ـی 2026، سەردانی نووسینگەی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە بەغداد کرد و لەلایەن باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەکە پێشوازی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا، کە د. خالید شوانی وەزیری دادی عیراق ئامادەبوو، باس لە چالاکییەکانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی نوێنەرایەتی درێژکراوەی میراتێکی نیشتمانی دەکات کە جێپەنجەی بەرچاوی لەسەر ژیانی سیاسی عیراق بەجێهێشتووە، هەروەها جەختیشی لەگرنگی بەردەوامی هەوڵەکان کردەوە کە پەرە بە کلتوری دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و پشتیوانی لەچۆنیەتی سەقامگیری و هاوبەشی نیشتمانی دەکات.
سەرۆک کۆمار دووپاتیشی کردەوە، ئەو پرەنسیب و دیدگایانەی سەرۆک مام جەلال باوەڕی پێیان هەبوو، وەک چرایەکی رێنمایی دەمێننەوە بۆمان، لەبەرنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و نزیککردنەوەی بیرۆکەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان و یەکخستنی هەوڵەکان، بەشێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات.
ئەندامانی دامەزراوەکە پێزانینی خۆیان بۆ سەردانەکە سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیان لەپابەندبوونی بەردەوامی دامەزراوەکە کردەوە بۆ پاراستنی ئەرشیفی سەرۆک مام جەلال و جێبەجێکردنی بەرنامە و دەستپێشخەرییەکانی بەئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پاڵپشتیکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە پەرە بەهاوکاری و لێکنزیکبوونەوە لەنێوان رۆڵەکانی گەلی عیراق دەدەن.



