سی ئێن ئێن رایگەیاندوە، دوای راگەیاندنی گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتۆندا، سوپای ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ لابردنی گەمارۆکانی گەروی هورمز و بریاریشە رۆژی هەینی گەمارۆکان بەتەواوەتی لاببرێن.

لێپرسراوێکی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا فەرمانێکی رەسمی پێگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی، کە ئێستا لەسەر گەروی هورمز هەیە

بڕیارە ئەم هەنگاوە لە رۆژی هەینی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت، بەو مەرجەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە شێوەیەکی رەسمی ئیمزا بکرێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک  ئەمریکا رایگەیاند، دوای گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران، فەرمانی هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکای بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دەرکردووە.

ترەمپ پێشتر و لە سەرەتای گرژییەکاندا، نزیکەی شەش هەفتە دوای دەستپێکردنی جەنگ، ئەم گەمارۆ دەریاییە توندەی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو.

سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە دڵنیایی داوە، کە لەگەڵ باکردنەوەی گەروەکە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە لە رۆژی هەینیدا، نەوت جارێکی دیکە لە هەردوولاوە بۆ ناوچەکە و تەواوی جیهان رەوانە دەکرێت و دەست بە جوڵە دەکاتەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەوەشی خستوەتەڕوو،  ئەو لێپرسراو ئەمریکییە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم پلانە لە ئێستادا تەنیا وەک تێگەیشتن و خوێندنەوەیەک بۆ رەوشەکە سەیر دەکرێت، کە  هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە و ئەگەری هەیە تا رۆژی هەینی گۆڕانکاری بەسەردا بێت.