نزار ئامێدی: کۆمەڵکوژی سپایکەر بە شاهیدییەکی زیندوو لەسەر دڕندەیی تیرۆر و تاوانە قێزەونەکانی دژی گەلی عیراق دەمێنێتەوە.

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، لە ساڵیادی تاوانی "سپایکەر"دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەو کارەساتە بە شاهیدییەکی زیندوو لەسەر دڕندەیی تیرۆر و تاوانە قێزەونەکانی دژی گەلی عیراق دەمێنێتەوە.

سەرۆک کۆماری عیراق بە ئازارێکی قووڵەوە یادی قوربانیانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە بە ناحەق لەسەر دەستی گروپی تیرۆریستی داعش شەهید کران.

جەختی لەوەش کردەوە، ئەم یادە خەمناکە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی خاکی عیراق لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەک.

هاوکات، نزار ئامێدی ستایشی خۆڕاگری و قوربانیانی گەلی عیراقی کرد کە هۆکاری شکستپێهێنانی تەواوی پلانە تیرۆریستییەکان بوون، ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی فەتوای "جیهادی کیفائی" مەرجەعیەتی باڵای ئایینی کرد کە وەک وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە، هێزی گەلی بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان و پیرۆزییەکان رێکخست و تەلاحومی نیشتمانی بەهێزتر کرد.