وەزارەتی دەرەوەی ئێران: رێککەوتنەکەمان لـەگەڵ ئـەمریکا نـەگـەشتـوەتـە کۆتایـی
بڵند
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، کە دەقی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا جێگیر و ئامادەیە، بەڵام رێککەوتنەکە هێشتا نەبووەتە کۆتایی؛ ئاماژە بەوەش دەکات واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی گێڕانەوەی میدیاییەوە وەک سەرکەوتن نیشانی بدات.
دوای لێدوانەکانی دۆناڵف ترەمپ، کە رایگەیاند لەگەڵ ئێران گەیشتونەتە ریککەوتنی کۆتایی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشتریش ئاماژە بەوە کرابوو کە زۆربەی دەقەکانی رێککەوتنەکە یەکلاکراوەتەوە، بەڵام لایەنی ئەمریکی دەیەویست داواکاریی نوێ بۆ ناوەڕۆکەکەی زیاد بکات، بۆیە لە ئێستادا رێککەوتنەکە بە بنبڕ و کۆتایی دانانرێت هەرچەندە دەقی لێکتێگەیشتنەکە تا رادەیەکی زۆر ئامادەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە گێڕانەوە و لێدوانەکانی لایەنی ئەمریکی تەنها بۆ ئەوەیە وا پیشان بدەن، کە ئێران لەژێر گوشار و هەڕەشەدا لە هەڵوێستەکانی پاشەکشەی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە سەرجەم بەندەکانی هەر لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری، لەلایەن لێپرسراوە باڵاکانی وڵاتەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت و لە کاتی خۆیدا هەڵوێستی رەسمی رادەگەیەنن.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەوەی لە میدیاکاندا دەربارەی کات و شوێنی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە بڵاودەکرێتەوە تەنها پێشبینی راگەیاندنەکانن و جەختیشیکردوەتەوە، هەریەکە لە پاکستان و قەتەر رۆڵێکی کاریگەر لەم نێوەندگیرییەدا دەبینن و ئێران سەلماندی کە سازش لەسەر ئەو شتە ناکات، کە بە هێڵە سورەکانی پێناسەی کردووە.


