سی ئێن ئێن: دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی دورگەی خارگ کۆتا پلانی ئەمریکایە
بڵند
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لێپرسراوێکی باڵای پنتاگۆن و دوو لێپرسراوی ئیدارەی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندوە، پلانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی ژێرخانی وزەی دورگەی خارگ ماوەی چەند مانگێکە لەبەردەستدایە، بەڵام بەهۆی مەترسی زۆرەوە چەندین جار دواکەوتووە.
سی ئێن ئێن لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لێپرسراوانی کۆشکی سپی پێیان وایە دەستبەسەرداگرتنی خەرگ یان لەناوبردنی دامەزراوە نەوتییەکانی بەشێوەیەکی کاریگەر ئێران مایەپوچ دەکات و توانای درێژەدان بە جەنگەکەی لەناو دەبات.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هۆکاری دواخستنی ئەو پلانە هۆشدارییە سەربازییەکانی پنتاگۆنە، کە بە دۆناڵد ترەمپیان وتوە، ئۆپراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر هێزی زەمینی دەبێت و ئەگەری هەیە زیانی گیانی زۆی بۆ سوپای ئەمریکا لێبکەوێتەوە.
سی ئێن ئێن دەڵێت؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پنتاگۆن و کۆشکی سپی ئەم کارە بە دوا رێگە یان کۆتا پلان دەزانن کە دەتوانێت هاوسەنگی شەڕەکە بگۆڕێت، بەڵام تێچووی زۆری دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵذ ترەمپ رایگەیاند ئەمشەو گورزێکی کوشندە لە دورگەی خارگ دەدەین و پێشتریش سوپای ئەمەریکا چەندین هێرشی ئاسمانی گەورەی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی خەرگ ئەنجامداوە، بەڵام بە ئەنقەست خۆی لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی گرنگی دورگەکە بەدور گرتووە.



