عەلی زەیدی فشار دەخاتە سەر گروپە چەكدارەكانی عیراق بۆ رێگریكردن لە تێوەگلانیان لە گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەگەڵ تیمی تایبەتی خۆیدا، جووڵەیەكی چڕوپڕی دەستپێكردووە بە ئامانجی رێگریكردن لە گروپە چەكدارەكانی عیراق لە تێوەگلان لە گرژییە سەربازییەكانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندی و فشارەكانی حكومەت لە ئێوارەی دوێنێوە دەستیان پێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامن، وتیشی ئەو فشارانە ئاراستەی سەركردەكانی گروپە چەكدارە سەرەكییەكان كراون، هەموو ئەو گروپانەش دەگرێتەوە كە لەژێر ناوی جیاوازدا كار دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، سەرۆك وەزیران لە پەیوەندییەكانیدا بۆ ئەو گروپانە جەختی لەوە كردووەتەوە، پێویستە هیچ جووڵەیەكی سەربازی یان ئەمنی نەكرێت كە عیراق بكاتە ناو بازنەی ململانێ هەرێمییەكان.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، فشارەكانی حكومەت گەیشتوونەتە ئاستی هەڕەشەكردن بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی و ئەمنی توند بەرامبەر بە هەر لایەنێكی چەكدار كە دەست بداتە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن یان جوڵەیەك كە ببێتە هۆی فراوانبوونی مەودای جەنگەكە یان بەكارهێنانی خاكی عیراق لە ململانێكاندا.