عیراق سێ رۆژ ماتەمینی رەسمی بۆ كۆچی دوایی ئایەتوڵا فەیاز راگەیاند
لازیا عەلی
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەهۆی كۆچی دوایی ئایەتوڵا محەمەد ئیسحاق فەیاز، یەكێك لە مەرجەعە گەورەكانی نەجەف، سێ رۆژ ماتەمینی رەسمی لە سەرانسەری عیراق راگەیەندرا و چوارچێوەی هەماهەنگییش سەرجەم ئاهەنگەكانی جەژنی غەدیری هەڵوەشاندەوە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی مەرجەعیەتی باڵا و گەلی عیراق و هەموو موسڵمانان دەكات بەبۆنەی كۆچی دوایی ئایەتوڵا محەمەد ئیسحاق فەیازەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەم كۆستە گەورەیە، جیهانی ئیسلامی زانایەكی گەورەی بواری زانستە ئیسلامییەكانی لەدەستداوە، بەوبۆنەیەوەش سێ رۆژ ماتەمینی رەسمی لە سەرانسەری عیراق راگەیەند.
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا رەسمیدا سەرەخۆشی خۆی رایگەیاند و جەختی لەوەكردەوە كە كۆچی دوایی ئەو زانایە خەسارەتێكی گەورەیە بۆ حەوزەی زانستی و تەواوی گەلی عیراق.
چوارچێوەی هەماهەنگییش وەك رێزێك بۆ كۆچی دوایی ئایەتوڵا فەیاز، بڕیاریدا سەرجەم ئەو بۆنە و ئاهەنگانەی كە بڕیار بوو بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە ئەنجام بدرێن، هەڵوەشێنێتەوە.



