وەزارەتی نەوت: کێشە لە دابینکردنی بەنزین دروست بووە و رۆژانە چوار ملیۆن لیتر کورتهێنانمان هەیە
محەمەد رزگار
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق، بەتایبەت کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، راگەیەنراوێکی لەبارەی هۆکاری دروستبوونی فشار لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان و بەنزین بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، بەهۆی رەوشی ئەمنیی ناوچەکەوە، کێشە بۆ بەرهەمهێنان دروست بووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی یەکەی تێکشکاندنی کارلێککاری (FCC) لە پاڵاوگەکانی باشور، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، بووەتە هۆی لەدەستدانی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر لە بەرهەمی بەنزینی ئۆکتان بەرز.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی کە 30 ملیۆن لیترە لە رۆژێکدا بپارێزن، بەڵام هاوکات لەگەڵ پشووەکانی جەژن و بۆنە ئاینییەکان، خواست لەسەر بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 34 ملیۆن لیتر.
بەپێی ئامارەکان، جیاوازی نێوان ئاستی بەرهەمهێنان و خواست، کورتهێنانێکی رۆژانەی بە بڕی چوار ملیۆن لیتر دروستکردووە، هاوکات لە رۆژی چوارشەممە 3ـی6ـی2026، ئاستی بەکاربردن گەیشتووەتە 35 ملیۆن لیتر، کە ئەمەش ئاستێکی پێوانەییە و پێشتر لە کاتی ئاساییدا لە 32 ملیۆن لیتر تێنەپەڕیوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاڵاوگەکان بەوپەڕی توانای خۆیان کاردەکەن و وەزارەتەکەش لە رێگەی بەکارهێنانی یەدەگی نەوتییەوە، هەوڵدەدات ئەو کەلێنە لە دابینکردنی بەنزین پڕ بکاتەوە و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین بکات.



