لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەسەڵاتی دەستپێکردنی هەر هەڵمەتێکی سەربازیی بەرفراوان دژی تاران بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەونێکدا تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی)، رایگەیاند: هەر بڕیارێک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژی ئێران، لە دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە.

ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەیی تەواویان بۆ ئەو ئەگەرە هەیە و وتیشی: "ئێمە و ترەمپ لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە ئێران هاوڕاین، ئەگەرچی هەندێک جار لە رووی تاکتیکییەوە جیاوازیی بیروڕامان هەیە، بەڵام دەگەینە چارەسەر". ئەوەشی خستەڕوو، دوو رۆژ جارێک سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە بارودۆخی لوبنان و حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، زۆرێک لەو کەسانەی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج لە بەیروت خۆیان حەشارداوە، ئاشکراشیکرد، ترەمپ لەگەڵی هاوڕایە لەسەر ئامانجی "چەککردنی حیزبوڵڵا ".

سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد، کە ئێران لاواز کراوە، بەڵام پرۆسەکە کۆتایی نەهاتووە، سەبارەت بە گەروی هورمزیش، دووپاتی کردەوە، "کردنەوەی گەروی هورمز لە رێگەی سەربازییەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویست بە پەرەسەندن بکات، ئەوە ترەمپ بڕیاری لەسەر دەدات".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناتانیاهۆ، ئاشکرایکرد، ئێران هێشتا رازی نەبووە بە دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی، بەڵام جەختی کردەوە کە "گوشارەکان لەسەر تاران لە زیادبووندان".