تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە عیراق و سوریا، پێشوازی و دەستخۆشی لە هەنگاوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد بۆ هەوڵەکانی بەمەبەستی سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. 

نێردراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندوە،  گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکات بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە.

تۆم باراک هەنگاوەکەی بە گرنگ زانیوە و  بە بڕوای ئەو دەبێتە بەردی بناغە بۆ حوکمڕانییەکی نوێی سەربەخۆ لە عیراقدا و بنەمایەکە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری، سەقامگیری بەردەوام و گەشەسەندنی نیشتمانی.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ستایشی ئەو گروپ و لایەنانەدەکا،  کە بڕیاریانداوە بە رادەستکردنەوەی سەرجەم چەکەکانیان بە دەوڵەتی عیراق.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردوە، کە ئەم بڕیارە هاوکار دەبێت لە بنیاتنانی سیستەم و چەسپاندنی یاسا و ئەم پێشهاتەش تەنها سەرەتایەک دەبێت بۆ قۆناغێکی نوێ.