دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و راگرتنی سەرجەم كارەكانی ئەو كۆمپانیایەی راگەیاند، دەشڵێت، رێوشوێنی یاسایی و رێكخراوەیی و تەكنیكی لەبەرانبەر دەگرنەبەر.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەو گرێبەستەی لەگەڵیان ئەنجامیداوە بۆ دانەوەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی، دەستەكە بڕیارداوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی و راگرتنی سەرجەم كارەكانی ئەو كۆمپانیایە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا نیشتمانی و نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكانیش، رێوشوێنی یاسایی و رێكخراوەیی و تەكنیكی لەبەرانبەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سەروەت و سامانەكەی دەگیرێتەبەر.

ئەوەشی خستەڕو، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن بەڕێوەبەرایەتی دەنگی بەكارهێنەرانی راسپاردووە رێوشوێنی پێویستە بگرێتەبەر بۆ وەرگرتن و تۆماركردنی سكاڵای بەشداربووانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم، بەرپرسیارێتی دەرئەنجامە یاسایی و داراییەكانی بڕیارەكەشی خستووەتە ئەستۆی كۆمپانیای كۆڕەك.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندن داواش دەكات، هەموو لایەنە رەسمی و نارەسمییەكان و هاوڵاتییانی مەدەنی خۆیان لە هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بەدووربگرن.