وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رێکارگەلێکی بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکەی خواردن راگەیاند.

مەهدی سەهر ئەلجبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: داواکاری لەسەر هێلکەی خواردن لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا هێشتا لە قەبارەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاترە، هۆکاری ئەمەش بۆ دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی زۆربەی پڕۆژە تایبەتمەندەکان بەهۆی بەرزیی تێچووی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی نرخی ئالیک و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دەگەڕێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە: وەزارەت رێگەی بە هاوردەکردنی هێلکەی خواردن لە دەرەوە داوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بازاڕەکاندا هەیە، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە وڵاتانی دراوسێ و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان تیایاندا، بووەتە هۆی سنووردارکردنی هاتنی بڕی پێویستی هێلکەی هاوردەکراو بۆ عیراق،

ئاماژەی بەوەش کرد کە: وەزارەتی کشتوکاڵ لە ئێستادا رودەکاتە هاندانی خاوەن پڕۆژەکانی هێلکەی خواردن بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیان، هاوتەریب لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو نرخە رەسمییەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزاریی ئابوورییەوە پەسەند کراوە، و بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان و تێنەپەڕاندنیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە: وەزارەت کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دوای باشتربوونی دۆخی ئاو و پەسەندکردنی پلانی کشتوکاڵی هاوینە، بەتایبەتی لەو لایەنەی پەیوەندی بە چاندنی بەرهەمە ئالیکییەکانەوە هەیە وەک گەنمەشامی زەرد و فاسۆلیای سۆیا ، رونیشی کردەوە کە: ئەم رێکارانە هاوکار دەبن لە بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی ئالیک لە ناوخۆدا و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی لە دەرەوە.