وەزارەتی بەرگریی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەر بە هێزی ئاسمانی سوپای رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەوەی رویداوە تەنها کێشەیەکی تەکنیکیی بچووک بووە لە کاتی گەشتێکی راهێناندا.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن، هەواڵ و وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە فڕۆکەیەکی سەر بە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپا کەوتووەتە خوارەوە، لەم رووەوە رونی دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە نادروستن و دوورن لە راستییەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەوەی رویداوە کێشەیەکی تەکنیکیی بچووک بووە لە کاتی ئەنجامدانی گەشتێکی راهێنانی تایبەت بە خوێندکارانی کۆلێژی فڕۆکەوانیی سوپا، هیچ برینداربوون یان زیانێکی قورسی لێنەکەوتووەتەوە، زیانەکان تەنها کەمێک سستی بووە لە سیستمی نیشتنەوەدا و بەپێی رێکارە تەکنیکییە پەسەندکراوەکان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە" ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە پەیوەندی بەم روداوەوە نییە، بەڵکو وێنەیەکی کۆنی یەکێک لە فڕۆکەکانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپایە کە لە ساڵانی رابردوودا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن دژی تاقمە تیرۆریستییەکان زیانی پێگەیشتبوو.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا ورد بن، و پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن، بەهۆی ئەو چەواشەکارییەی کە لە رای گشتیدا دروستی دەکات.