چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی چەكی گروپە چەكدارەكان تاوتوێ دەکات
کەژان
٣١ی ئایاری ٢٠٢٦
چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە؛ پرسی گرووپە چەكدارەكان و چارەنووسی سەرایا سەلام لەسەر مێزی گفتوگۆكانیەتی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرایكردووە، سەركردەكانی چوارچێوە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك ساز دەكەن بۆ تاوتوێكردنی سێ تەوەری گرنگ، لەوانەش: تەواوكردنی شایستە سیاسییەكان و رێككەوتن لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكان.
هەروەها تاوتوێكردنی دەستپێشخەرییەكەی موقتەدا سەدر، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی سەرایا سەلام و تێكەڵكردنیان بە هێزە ئەمنییەكان و هێشتنەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، تەوەری سێیەمیش تایبەت دەبێت بە پرسی گرووپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبی.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، سەبارەت بەو پرسانە، دوو پێشنیار لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا خراونەتەڕوو، یەكەم دامەزراندنی وەزارەتێكی ئەمنی كە حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانی سنوور لەخۆبگرێت، پێشنیاری دووەم تێكەڵكردنی گرووپەكانی حەشدی شەعبییە لەناو هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریدا.



