حزبوڵای عیراقی پێشوازی لە هەوڵەكانی رادەستكردنی چەك بە دەوڵەت دەكات و دەڵێت، لە بری ئەو گروپانەش كە چەك دادەنێن، ئەركی خەبات دەكەن.

ئەبو موجاهید عەساف لێپرسراوی ئەمنی حزبوڵای عیراقی رایگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێگە بە باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیا نەدات دەست لە كاروباری ناوخۆی عیراق وەربدەن، وتیشی، پێشوازی لە‌ هەنگاوی رادەستكردنی چەك دەكەن بە دەوڵەت، بەڵام لەبری ئەو گروپانەش كە چەك رادەست دەكەن، درێژە بە خەبات و بەرگریی دەدەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرایا سەلام سەر بە موقتەدا سەدر بەشێك نەبووە لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق.

لێپرسراوی ئەمنی حزبوڵای عیراقی دەشڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی حەشدی شەعبی ئامادەن هاوكاری پێشكەش بكەن بۆ سەرپەرشتی تۆماركردنی چەك و گواستنەوەیان بۆ شوێنی تایبەت و وەرگرتنی هەندێك چەكی تایبەتمەند كە لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا هیچ شارەزاییەكیان لەسەری نییە، وەك درۆن و موشەك و موشەكی دژە تانك و ئامادەن بیانكڕنەوە.