نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێگەیشت. 

لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، ئەمڕۆ سێشەممە 26-5-2026، هەردوو سەرۆک ویستی خۆیان نیشاندا کە گەلانی موسڵمانی عیراق و ئێران بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی  زیاتر شاد بن و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر باڵ بەسەر هەردوو وڵات و ناوچەکەدا بکێشێت .

هاوکات هەردوولا جەختیانکردەوە لە گرنگی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی گرژییەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی دیالۆگ و رێگەچارەی دیپلۆماسی و پێویستی پەنابردن بۆ لێکتێگەیشتن تا بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و دوپاتیشیانکردەوە لە گرنگی یەکڕیزی جیهانی ئیسلامی و پتەوکردنی هاودەنگیی نێوان گەلان.

لەمیانی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، هەردوو سەرۆک باسیان لە پەیوەندی بەهێزی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و گەلانی دراوسێ کرد، هەروەها جەختیانکردەوە لە گرنگی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابووری و بازرگانیدا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و هاریکاریی دووقۆڵی بەهێزتر بکات.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، بانگهێشتنامەی رەسمی ئاراستەی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق کرد بۆ ئەوەی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات کە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵیی و پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش.