جەمال كۆچەر: قەرزی ناوخۆیی عیراق گەیشتووەتە نزیكەی 140 ترلیۆن دینار
شنیار
٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦
لەژێر فشاری قەرزە ناوخۆییەكاندا كە گەیشتووەتە زیاتر لە 140 ترلیۆن دینار، حكومەتی عیراق بەرەو قەرزی دەرەكی هەنگاو دەنێت.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكانی گەشەپێدان، لە داهاتوودا عیراق روو لە قەرزی دەرەكی دەكات، ئەوەش دوای ئەوەی بانكە ناوخۆییەكان تا بەرزترین ئاست قەرزیان داوەتە حكومەت.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت، قەرزی ناوخۆیی عیراق گەیشتووەتە نزیكەی 140 تریلیۆن دینار، ئەوەش بڕێكی زۆر و مەترسیدارە لە كاتێكدا قەبارەی كورتهێنان گەیشتووەتە 64 ترلیۆن دینار كە نزیكەی 30% بۆ 35%ی كۆی گشتی قەبارەی بودجەی عیراق پێكدەهێنێت.
دەشڵێت، چیتر بانكە حكومییەكان ناتوانن وەك رابردوو قەرز بدەنە حكومەت، چونكە بەشێكی زۆری نەختینەكەیان بە قەرزی حكومییەوە بەستراوەتەوە.
لەبارەی روكردنە قەرزی دەرەكیش عەلی عەلاق دەڵێت، وەرگرتنی قەرزی دەرەكی تەنها بەپێی مەرج و چاكسازیی بنەڕەتی دەبێت كە لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەسەپێنرێن، وەك كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان، كەمكردنەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی، چاكسازیی لە سیستمی بانكیی و باج و بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان.



