جەنەراڵ كریستۆف ئینتسی، فەرماندەی پێشوی نوێنەرایەتیی راوێژكاریی هاوپەیمانێتی باكوری ئەتڵەسی-ناتۆ رایگەیاند، لە ئێستادا هاوپەیمانێتیەكە ئامادەكاری دەكات بۆ گەڕانەوەی نوێنەرایەتییەكە بۆ عیراق.
ئینتسی ئاماژەی بەوەش كرد، سەركردایەتی ناتۆ لەئێستادا سەرقاڵی تاووتوێكردنی چەند سیناریۆیەكە بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی بۆ عیراق، بەڵام نەیشیشاردەوە گەڕانەوەكە بە قەبارەیەكی بچووكتر و شێوازێكی نوێ دەبێت و گۆڕانكارییەكانیش لە ماوەی ساڵێك بۆ ساڵ و نیوێكدا جێبەجێ دەكرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، نوێنەرایەتییەكە لە مانگی ئاداردا بەهۆی گرژییە ئەمنییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەشێوەیەكی كاتی گواسترایەوە بۆ شاری ناپۆلی لە ئیتاڵیا.
ئەم نوێنەرایەتییە لە ساڵی 2018 لەسەر داوای رەسمی بەغداد بۆ مەشق و راوێژكاری و بەهێزكردنی تواناكانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق دامەزرا، پێشتر 750 ئەندامی لە زیاتر لە 20 وڵاتەوە لەخۆدەگرت. بەڵام دوای كشانەوەی كتوپڕی هەزار و 300 كارمەند و بەڵێندەر بۆ ئیتاڵیا، ئێستا تەنها 100 كەس لە دوورەوە كارەكان بەڕێوەدەبەن.