دەوڵەتی یاسا: پێكهێنانی هاوپەیمانیی بەهێزەكان بۆ چاودێریكردنی سەرۆكی پەرلەمانە نەك لادانی
شاد
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٦
دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پێكهێنانی هاوپەیمانیی بەهێزەكان بۆ چاودێریكردنی سەرۆكی پەرلەمانە نەك لادانی.
عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، كۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی لایەنە جیاوازەكان و سەربەخۆكان لەژێر ناوی هاوپەیمانیی بەهێزەكان، بە مەبەستی چاودێریكردنی كارەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و رێگریكردنە لە تاكڕەوی لە بڕیارەكاندا.
فەتلاوی ئاماژەی بەوەش كرد كە نایانەوێت راستەوخۆ بچنە قۆناغی ململانێی توند و لادانی سەرۆكی پەرلەمان؛ بەڵكو ئێستا چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەن كە بۆ ڕاستكردنەوەی رێڕەوی كارەكان پێیان دراوە.
دوپاتیشیكردەوە كە بیرۆكەی دوورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا نەكراوەتە كردار، چونكە پێویستی بە گفتوگۆی پێشوەختە هەیە و هەموو شتێك بەندە بە جۆری ئەدای پەرلەمان لە داهاتوودا.
هاوپەیمانێتی بەهێزەكان بەرەیەكی پەرلەمانییە كە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی و نێو ماڵی شیعە دروست بوون و لەلایەن نوری مالكییەوە ئاڕاستە دەكرێت.



