سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەزیری دارایی کرد
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە فالح ساری وەزیری دارایی.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو ، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە فالح ساری کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وزاری و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا.
لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی دارایی و ئابوری وڵات کرا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی گرتنەبەری سیاسەتی دارایی هاوسەنگ کە ببێتە مایەی پاراستنی ئابوری نیشتمانی و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری، بەمەش ویستی هاووڵاتیان بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و دروستکردنی هەلی کار بەدی بهێنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی دارایی رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت و رێکخستنی سیاسەتی دارایی و باشترکردنی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتیەکان ، جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەردەوامبوونی وەزارەت لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی سیستمی دارایی و کارگێڕی.
لای خۆیەوە فالح ساری باسی لە دیارترین پلان و بەرنامەکانی داهاتووی وەزارەت کرد، هەروەها ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ باشترکردنی ئەدای دارایی و پەرەپێدانی داهات و پاڵپشتیکردنی کەرتی ئابووریی جیاواز.



