چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان زەیدی و ترەمپ رێكبخرێت، پرسی گروپە چەكدارەكانیش لە عیراق بابەتێكی سەرەكی گفتوگۆكانیان دەبێت.

لێپرسراوێكی باڵای عیراقی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بە ماڵپەری عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن و باسی چەندین بابەتی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بكەن.

ئەو لێپرسراوە عیراقییە باسی لەوەشكردووە، تۆم باراك نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رۆڵی لە رێكخستنی ئەو بابەتانەدا هەیە كە لەو پەیوەندییەدا باس دەكرێن  و رەوشی  ئەمنی و كۆمپانیاكانی ئەمریكا و لایەنی ئابوری بابەتی سەرەكی گفتوگۆكانی زەیدی و ترەمپ دەبن. ئاشكراشیكردووە، هەڵوێستی ئەمریكا زۆر توندە بەرانبەر ئەو گروپە چەكدارانەی لە لیستی تیرۆردان و ژمارەیان شەش گروپە، ئەوەش تەوەرێكی تری گفتوگۆی نێوان زەیدی و ترەمپ دەبێت.