لیژنەی دەستپاكی ئاشكرای دەكات، بڕی پارە بەتاڵانبراوەكەی دۆسێی دزیی سەدە بۆ نزیكەی هەشت ترلیۆن دینار بەرز بووەتەوە.

لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای لێكۆڵینەوەكانی دەستەی دەستپاكی دەركەوتووە، بڕی ئەو پارەیەی لە دۆسێی دزیی سەدە بەهەدەردراون نزیكەی هەشت ترلیۆن دینارە، نەك 2.5 ترلیۆن دینار وەك ئەوەی راگەیەندرابوو.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2022دا، بۆ یەكەمجار دۆسێی دزیی سەدە لە عیراق ئاشكرا كرا، كە لێپرسراوانی پێشووی عیراق و گەورە بازرگانان تێوەگلابوون و توڕەیی و ناڕەزایی لە شەقامی عیراقی لێكەوتەوە.

تالیب بەیزانی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایگەیاندووە، گەڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان لەپێشینەی كارەكانیاندایە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عیراق.