لە عیراق هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسی هانتا تۆمار نەکراوە، وەزارەتی تەندروستیش ئاشکرایدەکات، هەموو رێکارێکی پێویستیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو گرتوەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستیی عیراق راگەیەنراوێک دڵنیایی لەبارەی ڤایرۆسی "هانتا" بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تیمەکانیان بە وردی چاودێری بارودۆخی پەتاناسی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە دەکەن.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیان بە گرتنەبەری رێکاری پێشوەختە و بڵاوکردنەوەی رێنمایی زانستی لە دامەزراوە تەندروستییەکان بۆ ئامادەکاری و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

ڤایرۆسی هانتا لە بنەڕەتدا لە "قورمشکەکانەوە" (جرج و مشک) دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشییەکی توند.

سەبارەت بە بڵاووبوونەوەی لەسەر ئاستی جیهان، وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد، کەئاستی مەترسیی ئەم ڤایرۆسەی لەسەر ئاستی جیهان بە "نزم" هەڵسەنگاندووە.