نوێنەری عیراق لە نەتەوە یەكگرتوەكان: ئاستی ئاسایشی خۆراك لە ئاستێكی باشدایە
٨ی ئایاری ٢٠٢٦
رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، عیراق ئاستێكی بەرزی لە بواری ئاسایشی خۆراك و كۆگایەكی ستراتیژیی باشی هەیە.
ئەحمەد حسێن نوێنەری عیراق لە رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، عیراق توانایەكی زۆر باشی هەیە لە دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییەكان و ئاستی ئاسایشی خۆراكیش بەراورد بە چەندین وڵاتی عەرەبی لە رەوشێكی زۆر باشدایە.
وتیشی، حكومەتی عیراق كاری باشیكردووە بۆ دابینكردنی كۆگایەكی پێویست بە مەبەستی باشتركردنی ئاسایشی خۆراك، لە رێگەی پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی نرخی كڕینەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە جوتیاران و باشتركردنی كوالیتی و بڕی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگەی هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق كاریكردووە بۆ پاراستنی كۆگایەكی ستراتیژیی خۆراك كە لانیكەم بەشی سێ مانگ بكات، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری پەرەسەندی هەر گرژییەك لە ناوچەكە و بەردەوامبوونی مەرسییەكانی داخستنی گەروی هورمز.



