ئیسماعیل بەقایی: تاران هێشتا بڕیاری لەسەر بەشداریکردن لە خولی نوێی دانوستانەکان نەداوە
سەوسەن سەید
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەبارەت بە بەشداریکردن لە خولی نوێی دانوستانەکان.
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد: ئێران هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا بەشداری لە خولی نوێی وتوێژەکانی ئاشتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات یان نا.
وتیشی: ئێمە بە نیازپاکی و بە جیدییەوە چووینە ناو وتوێژەکان، بەڵام لایەنی بەرامبەر بێباکی و بێخەمیی خۆی نیشان داوە.
بەقایی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هێرشکردنە سەر کەشتییە ئێرانییەکان پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و چەتەیی دەریاییە، هەر کاتێکیش دانوستانەکان بەرەو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دیاریکراو ئاراستە کران، ئەو کاتە ئێران بڕیار دەدات کە ئایا بەشداری تێدا دەکات یان نا.


