تاران و واشنتۆن دەگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرچاوە ئێرانییەکان بە تۆڕی (CNN)یان راگەیاندووە، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان وەفدی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە "ئیسلام ئاباد"ی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنی شاندەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ (بلومبێرگ) و (ئەکسیۆس) گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم لە ماوەی یەک دوو ڕۆژدا بگەنە رێککەوتنی ئاشتی". ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە زۆربەی خاڵە سەرەکییەکان یەکلایی کراونەتەوە و ئەگەری هەیە لە کۆتایی هەفتەدا کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجام بدرێت.
لەلایەکی تریوە، رەزا ئەمیری موقەدەم، باڵیۆزی ئێران لە پاکستان، ستایشی هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی دیپلۆماسی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان هاوکاتە لەگەڵ دوو گۆڕانکاری گرنگ لە ناوچەکەدا کە بریتییە لە راگەیاندنی ئاگرەبەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل ودووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، خولی یەکەمی دانوستانەکان لە ١١ی نیساندا بەبێ ڕێککەوتنی کۆتایی کۆتایی هات. سەرەڕای هەبوونی کەشێکی جددی، بەڵام ناکۆکی قووڵ لە نێوان هەردوولا لەسەر چەند دۆسێیەک مابووەوە.



