فەرەنسا و بەریتانیا دەیانەوێت لوتكەیەك بۆ وڵاتانی بەشدارنەبووی شەڕی ئێران رێكبخەن
ساکۆ
١٧ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رێكخستنی لوتكەیەك تاوتوێ دەكەن بە مەبەستی كردنەوەی گەروی هورمز
بڕیارە ئەمڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و كیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆببنەوە بۆ رێكخستنی لوتكەیەكی تایبەت بە وڵاتانی بەشدارنەبووی شەڕی دژی ئێران، بۆئەوەی پلانێكی گونجاو دابنێن بەمەبەستی دانانی چەند رێكارێكی سەلامەت بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و هاتوچۆی كەشتییەكان.
ماكرۆن ئاماژەی بەوەكردووە، ئەركی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەروی هورمز تەنها بەرگریكارانە دەبێت و لەكاتی گونجاودا لەو گەروە جێبەجێ دەكرێت.
رۆلاند لێسكیور وەزیری دارایی فەرەنساش رایگەیاندووە، وڵاتانی گروپی حەوت ئامادەن بۆ روبەڕوبوونەوەی لێكەوتە ئابورییەكانی شەڕی دژی ئێران، بەڵام هەرگیز بە پێدانی باج بە تاران رازی نابن بۆ تێپەڕین بە گەروی هەرمزدا.
لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریكا و ئێرانیش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد پلانێك بۆ كردنەوەی گەروی هورمز دابنێن.


