حكومەتی سوریا سەرجەم ئەو بنكە سەربازییانەی وەرگرتەوە كە پێشتر هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیربوون
ساکۆ
١٦ی نیسانی ٢٠٢٦
حكومەتی سوریا تەواوی بنكە سەربازییەكانی وەرگرتەوە كە پێشتر هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیربوون و وەزارەتی دەرەوەی سوریاش رایگەیاند، رادەستكردنەوەی بنكەكان بە هەماهەنگییەكی پیشەیی لەگەڵ واشنتۆن ئەنجامدرا
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، تەواوی ئەو بنكە سەربازییانەی وەرگرتووەتەوە كە پێشتر هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تێیاندا جێگیر بوون.
جەختیشیكردەوە، پڕۆسەی رادەستكردنەكە بە هەماهەنگییەكی تەواو و ئاستێكی پیشەیی بەرز لە نێوان دیمەشق و واشنتۆن ئەنجامدراوە.
راگەیەنراوەكە دوای ئەوە دێت، وەزارەتی بەرگری سوریا پشتڕاستی كردەوە، هێزەكانیان بنكەی "قەسرەك"یان لە باكوری رۆژهەڵاتی وڵات وەرگرتووەتەوە.
ئەو پەرەسەندنە سەربازییە دوای كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانی هاوپەیمانان دێت لەو ناوچانەی كە ساڵانێكی زۆر بوو لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندا بوون .


