فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' ئاشرایکرد، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکی گەمارۆدانی سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە.

سێنتکۆم رایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار سەرباز لە هێزەکانی دەریاوانی، مارێنز و ئاسمانی، لەگەڵ زیاتر لە 12 کەشتی جەنگیی و دەیان فڕۆکە، ئەرکی چاودێریکردن و سەپاندنی گەمارۆکە جێبەجێ دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە یەکەمین رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕن، هاوکات شەش کەشتی بازرگانی پابەندی فەرمانەکانی ئەمریکا بوون و گەڕاونەتەوە بۆ ناو بەندەرە ئێرانییەکان لە دەریای عومان.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆکە سەرجەم بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان دەگرێتەوە، بەبێ گوێدانە ناسنامە و ئاڵای کەشتییەکان.

هێزەکانی ئەمریکا جەختیان کردووەتەوە، بەردەوامن لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز بۆ ئەو کەشتیانەی روو لەو بەندەرە دەکەن کە سەر بە ئێران نییە یان لێیان دەگەڕێنەوە.