دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەست دەکەن بە پرۆسەی گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتیانەی کە هەوڵی چوونەژورەوە یان چونە دەرەوە لە گەروی هورمز دەدەن و ئەگەر باج بدەنە ئێران سەلامەت نابن، ئاماژەی بەوەشکردوە ئێران بەڵێنی کردنەوەی گەروی هورمزی دابوو، بەڵام ئەو کارەی نەکرد.

لە نوێترین پەیامیدا لە تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە، ئێران بەڵێنی کردنەوەی گەروی هورمزی دابوو، بەڵام بە ئەنقەست ئەوەی نەکرد و بەڵێنەکەی نەبردە سەر، ئەوەش بوەتە هۆی نیگەرانی و ناسەقامگیری بۆ زۆرێک لە وڵاتان.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردوەتەوە، کە رێگە بە ئێران نادرێت قازانج لە سەپاندنی باجی نایاسایی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان وەربگرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ هۆشداری توندی دایە لایەنە ئێرانییەکان و رایگەیاند، کە فەرمانی بە هێزە دەریاییەکان کردووە هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا باج بە ئێران بدات، رێگری لێ بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، چونکە هیچ لایەنێک بەو کارە پارێزبەندی بۆ تێپەڕبوونی نابێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردوە، ئەمریکا دەست دەکات بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێران لە گەروی هورمز چاندوویەتی، و هۆشداری دا  ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا دەکرێنە ئامانج

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمییش دۆناڵذ ترەمپ دەڵێت؛ ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمییەکانی ببێت و جەختی کردەوە ،کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.