حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی کارەباوە بۆ پارەدان بە شێوازی ئەلیکترۆنی و داشکندنی 20٪ بۆ یەکەمجار، زیاتر لە 8.7 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی کارەبا و دەشڵێت؛ بە تێکڕا، هەر هاوبەشێکی کارەبا 40 هەزار دیناری بۆگەڕێنداروەتەوە.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە، پاڵپشتییەکە بە تەواوەتی جێبەجێدەکرێت و بە کۆی گشتی 8.73 ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ هاوبەشانی کارەبا.

 

دەقی راگەیەنداروەکەی حکومەتی هەرێم

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت کە زیاتر لە 8.7 ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەسەر پسوولەکانی کارەبا لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەی مانگی ڕابردوو ڕاگەێندرا بۆ پێدانی پاڵپشتی بەڕێژەی 20٪ لەسەر هەموو پارەدانێک کە لەڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئی-پسوولە ئەنجام دەدرێت.

زۆرینەی هاوبەشانی ماڵان کە ئەو پاڵپشتییە دەیانگرێتەوە لەسەر پسوولەی کارەبای مانگی دوو سوودمەندبوون. بەشێکی دیکەی هاوبەشانی ماڵان سوودمەنددەبن لەو پاڵپشتییە لەسەر پسوولەی مانگەکانی داهاتوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات بە هەموو هاوبەشانی ماڵان لەوەی بری تەواوی ئەم پاڵپشتییە جێبەجێدەکرێت.

خشتەی یەکەم: داتاکانی پەیوەست بە پاڵپشتی بەڕێژەی 20٪ لە کوردستان

کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان: 8.73 ملیار دینار

ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی 20٪: 218,095

تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان: 40,000 دینار

ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پسوولەکانیان یەکسانە بە 0 بەهۆی سوودمەندبوون لە پاڵپشتی 20٪: 15,507

تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە ٪70ی هاووڵاتیانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاووڵاتیان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە