بەیانی ئەمڕۆ ئەمریكا و ئیسرائیل بە توندی هێرشیان كردە سەر تاران و میدیاكانی ئێرانیش دەڵێن، هێرشەكان لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە تا ئێستا توندترین بوون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا "سێنتكۆم" بڵاویكردوەتەوە ، هێزەكانی ئەمریكا بەردەوامن لە هێرشی سەربازی ورد دژی تاران بە ئامانجی لەناوبردنی توانا سەربازییەكان.

هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە ، بەرەبەیانی ئەمرۆ لە رێی چەند هێرشێكەوە بە توندی ناوەڕاستی تارانیان كردوەتە ئامانج  ، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران لە رێی دوو موشەكەوە دوو شاری باشوری ئیسرائیلی كردە ئامانج . میدیاكانی ئێرانیش رایانگەیاندووە ، هێرشەكانی ئەم بەیانییانەی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەخت ، توندترین بووە لەسەرەتای جەنگەكەوە تا ئێستا .

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش لە دوای هێرشەكانی ئێرانەوە بۆ سەر هەر دوو شاری دیمۆنا و عەراد  ، هەرەشەی بەردەوامیدانی بە هێرشەكان بۆسەر ئێران كردو رایگەیاند ، شەوی رابردوو، شەوێكی زۆر سەختی جەنگ  بوە و سورن لەسەر ئەوەی بەردەوامیی بدەن بە هێرشكردنە سەر دوژمنەكانیان لە هەموو بەەركانەوە .

میدیای ئیسرائیلیش ئاشكرایان كردووە ، ژمارەی بریندارانی هێرشەكەی موشەكییەكەی ئێران بۆسەر دیمۆنا و عەراد ، بەرزبووەتەوە بۆ 175 كەس .