سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەڵێت، ئەمریكا لە تێگەیشتن لە ئێران شكستی هێناوە و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش سەرۆكی ئەمریكای هەڵخەڵەتاندووە.

عەلی لاریجانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، واشنتۆن بە هەڵە ویستوویەتی سیناریۆی ڤەنزوێلا لە ئێران دووبارە بكاتەوە و تێنەگەیشتووە كە پێكهاتەی فكری ئەم ناوچەیە جیاوازە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بۆ هێرشكردنە سەر ئێران هان داوە بە مەبەستی تێكدانی پێكهاتەی حكومەتی ئێران و كوشتنی رابەری باڵای وڵاتەكە.

جەختیشیكردەوە، ئێرانییەكان سەرەڕای ناكۆكییە ناوخۆییەكان، لە كاتی مەترسیدا یەكگرتوون و رێگە بە دابەشبوونی وڵات نادەن.

لاریجانی ئاشكراشیكرد، هێرشەكانیان تەنیا بنكەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج نەك وڵاتانی ناوچەكە، چونكە نایانەوێت بەرەی جەنگ فراوانتر بێت.