بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هێرشەکەی 28ی شوبات بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شارۆچکەی میناب لە باشووری ئێران، بە خوێناویترین رووداوی کوژرانی مەدەنییەکان دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک تا ئێستا بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندوە  لە روداوەکە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کچە خوێندکار گیانیان لەدەستدا، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆمەڵێک بەڵگە، لەوانە وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکان و ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان دەریدەخەن، کە قوتابخانەکە بە هێرشێکی ورد پێکراوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کردنە ئامانجی قوتابخانەکە  لە کاتێكدا بووە، کە بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران لە تەنیشت قوتابخانەکە لە هەمان کاتدا کراوەتە ئامانج.

رۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لێدوانە رەسمیییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە دەریاییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز (کە بنکەکەی سوپای پاسدارانی لێیە)، گومانەکان بەهێزتر دەکەن، کە هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدەری هێرشەکە بووبن.

لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی ئاماژەی بە لێدوانەکانی کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی رۆژنامەوانی کردووە، کە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هێرشە رایگەیاندوە "ئاگاداری کارێکی وەها نین" و ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە وەزارەتی جەنگ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو بابەتە.