لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رێنماییەک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و داوا دەکات لە کاتی رووماڵکردنی جەنگەکەدا زانیاریی جوگرافی و وردەکاری بڵاونەکەنەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ 4ـی ئازاری 2026بڵاویکردووەتەوە، لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی سنوورەکە کە لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی موشەکباران و شەڕی درۆنی و سایبەریدا، ئەرک و بەرپرسیارێتیی میدیاکاران زیاتر دەبێت. سەندیکاکە داوا دەکات پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و راپۆرتێکی بەپەلە، وردبینیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی جوگرافیا و وردەکاریی جەنگیی تێدا نەبێت، چونکە رەنگە ببێتە چاوساغی بۆ هێرشبەران و دابەزاندنی ورەی هاووڵاتیان.

لە کۆتاییشدا سەندیکاکە جەختی لەسەر پاراستنی تەبایی، ورەی جەماوەر و سەلامەتیی تیمە میدیاییەکان کردووەتەوە وەک ئەرکی لەپێشینەی ئەم قۆناغە. ئەم رێنماییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئەمشەو کرایە سەر گردی (UN) لە سلێمانی، کە وایکردووە دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکان داوای مامەڵەی بەرپرسیارانە لە هەموو لایەک بکەن.