خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند کۆبووەوە
محەمەد رزگار
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازیکرد لەهەرسێ هونەرمەند دیار دەرسیم و ژاڵە و هۆزان شەمدین لەگەڵ دەنیز ناکی یاریزانی ئامەد سپۆر.
لەدیدارێکدا خاتوو شاناز بەگەرمی بەخێرهاتنی کردن بۆ شاری سلێمانی لەم ساتە گرنگەدا کەگەلی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، راشیگەیاند وەک چۆن کۆبانێ یەکیخستین، ئەم قۆناغەش بووە مایەی یەکبونمان و هێنانەکایەی شەپۆلێکی گەورەی پشتیوانی دڵسۆزانە لەخەبات و بەرخودانی رۆژئاڤا کەسەرەنجام دەنگی کوردی بڵند کرد بەڕووی جیهاندا لەساتێکدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردبوو.
میوانانی ئەمڕۆی سلێمانی دووپاتیان کردەوە کەیەک دەنگیی میللەتی کورد و رێپێوانەکانی پشتیوانی و جۆش و خرۆشی کوردان لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەتیش لە سلێمانی، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئاستی روانینی جیهان بۆ پرسی کورد و بەرزکردنەوەی وورەی ئەو شەڕڤانانەی لەسەنگەری بەرگریدان لە خاکی کوردستان.






