کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ترەمپ و پوتن کێشەی تێکەوت
راهۆز
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی راگەیاندووە، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا "ئاستەنگی تێکەوتووە".
بڕیاربوو هەردوو سەرۆک لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
بەپێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کۆبوونەوەی نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسێردراوە.
پاشەکشە لە رێککەوتنە سەرەتاییەکان:
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن رایگەیاندبوو، "رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو راوێژکارە باڵاکانمان کۆببنەوە."
ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی، "مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە، شانبەشانی چەند کەسێکی دیکە کە هەڵدەبژێردرێن، سەرپەرشتی کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی ئەمریکا دەکات."
بەڵام ئێستا کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان رۆبیۆ و لاڤرۆڤ دواخراوە و هۆکارەکەشی ڕوون نییە، هەرچەندە سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو وەزیر "پێشبینیی جیاوازیان هەبووە سەبارەت بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا."
"هەڵوێستی روسیا نەگۆڕاوە"
رۆژی دووشەممە، رۆبیۆ و لاڤرۆڤ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و "هەنگاوەکانی داهاتوو"یان بۆ بەدواداچوونی پەیوەندییەکەی ترەمپ و پوتن تاوتوێ کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە، رۆبیۆ "جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوەکانی داهاتوو کردووەتەوە وەک دەرفەتێک بۆ پێکەوە کارکردنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی."
لە بەرامبەردا، کرملین پەیوەندییەکەی بە "گفتوگۆیەکی بنیاتنەر" وەسفکرد کە "ئەگەری هەنگاوی کرداریی بۆ لێکتێگەیشتن" لەخۆگرتبوو.
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سی ئێن ئێنی وتووە، دوای پەیوەندییەکەی رۆبیۆ و لاڤرۆڤ، بەرپرسان هەستیان کردووە "هەڵوێستی روسیا بە پێی پێویست گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێنرێت."
هەمان سەرچاوە دەڵێت، "ئەگەری کەمە رۆبیۆ لە ئێستادا پێشنیازی کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتن بۆ هەفتەی داهاتوو بکات، بەڵام رەنگە ئەم هەفتەیە رۆبیۆ و لاڤرۆڤ جارێکی دیکە قسە بکەنەوە."