قوباد تاڵەبانی: نابێت هەولێرییە رەسەنەکان لە خێروبێری شارەکە بێبەش بکرێن
محەمەد رزگار
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: نابێت دانیشتووانە رەسەنەکەی هەولێر، پەراوێز بخرێن و لە خێروبێری شارەکە بێبەش بکرێن.
قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبوک ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتە و نووسیویەتی: راستە شەکرەشار پایتەختی هەموومانە و شانازی بە مێژووەکەی و خاکەکەی و خەڵکە میهرەبانەکەیەوە دەکەین، بەڵام هاوکات نابێت دانیشتووانە رەسەنەکەی خۆی، هەولێرییە رەسەنەکانی سەیداوە و تەیراوە و تەعجیل و سێتاقان و منارە و باداوە و.. پەراوێز بخرێن و لە خێروبێری شارەکە بێبەش بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی ٩ـی سەیداوە و ١١ـی تەیراوەی هەولێر ئاماژەم بەو جیاوازییە چینایەتییە گەورەیە کرد کە تا دێت لە هەولێر تۆختر دەبێتەوە، هەروەها ئەوەی جێی داخە بەشێکی گەورەی هەولێرییە رەسەنەکان لە چینە پەراوێزخراو و کەم داهاتەکەن. دەشڵێت، یەکێتی هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و موچەوە لە کورتماوەدا بازاڕی هەولێر و شارەکانی کوردستان سەقامگیربێت و لە درێژماوەشدا لەڕێی گەشەپێدانی هاوسەنگ و بەردەوامەوە جیاوازیی چینایەتی لە هەولێر و کوردستان کەم بکاتەوە.







