فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە دیالە چەند حەشارگەیەكی تیرۆرستانیان لەناوبرد
محەمەد رزگار
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەگەڵ فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی دیالە، ئۆپراسیۆنێکیان لە سنوری پارێزگاکە ئەنجامدا و چەند شوێنێكی مانەوەی تیرۆرستان سوتێنران.
فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەعات 3:40 خولەك، فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ 'لیوای 53 فرقەی 1 پیادەی هێزە هاوبەشەكانی دیالە' لەسنوری پارێزگاكە، ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنینان بۆ ژمارەیەك گومانلێكراو و پاشماوەكانی تیرۆرستان و شانە نوستووەكانی داعش ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، توانرا چەند حەشارگەیەكی تیرۆرستان ئاشكرا بكرێت،كە سەرجەمیان سوتێنران و لەناوبران بە پانتایی زیاتر لە 10 كیلۆمەتری ناوچەكەش پاككرایەوە.
فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان راشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەكە لە گوندەكانی (ئەل عەلوش - ئەل بجاجیل - ئەل غزیفی - ئەل دۆرە)ی سەر بەناحییەی قەرەتەپەی قەزای خانەقین بەردەوامی هەبوو، كە راستاندن بۆ ناوی هاووڵاتیانی ئەو گوندانە كرا، بۆ دۆزینەوەی ئەو گومانلێكراوانەی ناویان لە ئاسایشی نیشتمانی عیراق هەبوو، كە ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكە بوو.