وێنەی "ماڵئاوایی بارمتەکان".. بۆچی حەماس ناوی فڕۆکەوانێکی ونبووی ئیسرائیلی بەکارهێنا؟
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، کەتیبەکانی قەسام، رۆژی شەممە، چەند وێنەیەکی "ماڵئاوایی" زۆربەی ئەو بارمتانەی بڵاوکردەوە کە لە غەززە دەستبەسەرکراون، هاوکات هۆشداریی دا کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە، کەیسی فڕۆکەوانی ونبووی ئیسرائیلی، رۆن ئاراد، دێنێتەوە یاد کە لە ساڵی 1986ەوە چارەنووسی نادیارە، ئەمەش نیگەرانی و ترسێکی قووڵ لەسەر چارەنووسی نادیاری بارمتەکانی ئێستا دروست دەکات.
کەتیبەکانی قەسام 48 وێنەی بارمتەکانی لەسەر کەناڵی تێلیگرامی خۆی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر هەریەکەیان ناوی "ئاراد"ی نووسیوە. ئاراد فڕۆکەوانێک بوو کە لە ساڵی 1986 فڕۆکەکەی لە باشوری لوبنان خرایە خوارەوە و سەرەڕای بوونی چەندین گێڕانەوە بۆ ئەگەری مردنی، تا ئێستاش چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
کەتیبەکانی قەسام لە راگەیەندراوێکدا کە هاوپێچی وێنەکان کرابوو، رایگەیاند: "بەهۆی کەللەڕەقیی سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ و ملکەچبوونی سوپاسالار ئیال زامیر... وێنەیەکی ماڵئاوایی لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن لە غەززە".
ئەم هەنگاوەی حەماس دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل لە رۆژی سێشەممەوە هێرشێکی بەرفراوانی زەمینی بۆ سەر شاری غەززە دەستپێکردووە. سوپای ئیسرائیلیش رۆژی هەینی رایگەیاند کە خۆی ئامادە دەکات بۆ لێدانی شاری غەززە "بە هێزێکی بێوێنەوە"، ئەمەش دوای ئاوارەبوونی نزیکەی نیو ملیۆن کەس دێت کە لە ترسی هێرشەکان شارەکەیان جێهێشتووە.
شایەنی باسە، لە کۆی 251 کەس کە حەماس لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023دا دەستبەسەری کردن، هێشتا 47_48 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە، کە سوپای ئیسرائیل مردنی25 کەسیانی راگەیاندووە.