لە 24 سەعاتدا خوێن زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستدا دەبڕێت
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
خوێن کۆڵەکەی سەرەکیی تەندروستیی مرۆڤە؛ بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئۆکسجین و خۆراکەماددە بۆ سەرجەم خانە و شانە جۆراوجۆرەکانی جەستە، هاوکات بەشێکی گرنگە لە کۆئەندامی بەرگری و پرۆسەی دەردانە دەروەی پاشەڕۆ لە جەستەدا، ئەمەش وێڕای رۆڵی کارای لە رێکخستنی پلەی گەرمیی جەستە و بوون بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی هۆرمۆن لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی جەستە.
پێکهاتەی خوێن %55ـی شلەی پلازمایە،کە لە ئاو و پرۆتین پێکدێت، هاوکات %45ـەکەی دیکەشی بریتییە لە خرۆکە سوورەکان، خرۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن.
دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا دەڵێت، هەر دڵۆپێک خوێن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 19 هەزار کیلۆمەتر لە جەستەدا دەبڕێت؛ یەکسانە بە نیو خول سووڕانەوە بە دەوری زەویدا.
پیاوێکی پێگەیشتووی تەندروست نزیکەی 5 بۆ 6 لیتر خوێن لە جەستەیدایە، لە کاتێکدا رێژەکە بۆ خانمان نزیکەی 4 بۆ 5 لیترە. هۆکاری ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان بڕێکی زیاتر ماسوولکە لە جەستەیاندا هەیە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتری خوێنە بۆ دابینکردنی خۆراکەماددە و ئۆکسجینی تەواو بۆ ماسوولکەکان.