دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی هێرشێکی کردۆتە سەر کەشتییەکی ماددەی هۆشبەری ڤەنزوێلی کە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوەبووە.
 
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجامدراوە.
 
ناوبراو لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "لەسەر فەرمانی من، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دووەمین گورزییان لە دژی ئەو تیرۆریستانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن ئەنجامدا، کە بە وردی ناسنامەیان دیاریکرابوو."
 
ترەمپ وتیشی: "ئەم تیرۆریستە زۆر توندوتیژانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییە ژیانییەکانی ئەمریکا."
 
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوە و نووسی: "ئاگاداربە — ئەگەر ماددەی هۆشبەر دەگوازیتەوە کە دەتوانێت ئەمریکییەکان بکوژێت، ئەوا راوتان دەکەین! چالاکییە نایاساییەکانی ئەم کارتێلانە(مافیا) بۆ دەیان ساڵە دەرەنجامی کارەساتباریان لەسەر کۆمەڵگە ئەمریکییەکان هەبووە و ملیۆنان هاووڵاتی ئەمریکییان کوشتووە. چیتر رێگە بەمە نادرێت."