ئەمڕۆ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی رێگریکردن لە ئیسرائیل لە رێگەی "چڕکردنەوەی سزاکانەوە" لە ژێر چەتری یاسای نێودەوڵەتیدا.

ئەردۆغان رونیکردەوە کە ئیسرائیل هێزی خۆی لە بەردەوامیی دەربازبوونی لە سزا و لێپرسینەوە وەردەگرێت.

وتیشی: "حکومەتەکەی ناتانیاهۆ ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و ناسەقامگیری رادەکێشێت."

سەرۆکی تورکیا هێرشەکەی سەر دەوحەی بە "بەرزترین ئاستی سەرەڕۆیی ئیسرائیل" ناوبرد و وتی: "هێرشەکەی سەر دەوحە، سەرەڕۆیی ئیسرائیلی گەیاندە ئاستێکی بێوێنە."

لە کۆتاییدا، ئەردۆغان جەختیشی کردەوە: "تورکیا لە هەموو بارودۆخ و کاتێکدا لەگەڵ قەتەر دەوەستێت."

لوتکەی نائاسایی عەرەبی-ئیسلامی ئەمڕۆ دووشەممە لە دەوحە دەستیپێکرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو بەرپرسانی حەماسی لە پایتەختی قەتەر کردە ئامانج.