عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە وتارێکیدا لە لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە رایگەیاند کە لوتکەکە "لە سۆنگەی ئاڵنگاریی گەورەوە" دەبەسترێت و ئیسرائیل هەوڵدەدات ناوچەکە "بکاتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ دەستدرێژی."

سیسی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر بە "دەستدرێژییەکی تاوانکارانە، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و پێشهاتێکی مەترسیدار" ناوبرد و وتی: "بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو دوژمنکارییەی ئیسرائیل دەکەین کە وڵاتێکی نێوەندگیری کردۆتە ئامانج."

سەرۆکی میسر هۆشداریدا و وتی: "رەفتاری لەکۆنتڕۆڵدەرچووی ئیسرائیل دەبێتە هۆی فراوانکردنی بازنەی ململانێکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە." جەختیشی کردەوە کە "لووتبەرزیی لە زیادبوونی ئیسرائیل، وا لە ئێمە دەخوازێت کە کار لەسەر بنەمایەک بکەین کە گوزارشت لە دیدگای هاوبەشمان بکات."

وتیشی: "پێویستە ئیسرائیل تێبگات کە ئاسایش و سەروەرییەکەی بە هێز بەدی نایەت، بەڵکو بە رێزگرتن لە یاسا و سەروەریی وڵاتان دێتەدی."

"کاتی مامەڵەکردنی یەکلاکەرەوەیە لەگەڵ دۆزی فەڵەستین"

سیسی هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "میسر بە تەواوەتی رەتی دەکاتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی بکرێنە ئامانج و گەلێک بە تەواوەتی برسی بکرێت،" و "هەر پێشنیازێکیش رەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان بێت لە خاکەکەیان."

سەرۆکی میسر جەختی کردەوە کە "چارەسەری سەربازی و هەوڵی سەپاندنی ئەمری واقیع بەهێزی زۆرداری، ئاسایش بۆ هیچ لایەنێک بەدی ناهێنێت."

ناوبراو وتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە شێوەیەکی جدی و یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی فەڵەستیندا بکرێت،" و دووبارە داوای "دانپێدانانی دەستبەجێی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا کرد، وەک تاکە ڕێگە بۆ بەدیهێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی."

پەیام و پێشنیاز

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی میسر پەیامێکی رونی ئاراستەکرد و وتی: "پەیامی ئەمڕۆی ئێمە رونە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی وڵاتانمان قبوڵ ناکەین."

هەروەها پێشنیازی کرد کە "لەبەر ئەم بارودۆخە هەستیارە، پێویستە لەسەرمان میکانیزمێکی عەرەبی-ئیسلامی دابمەزرێنین بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان."