سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: کۆنترؤڵکردنی تەواوەتی غەززە پێویستی بە شەش مانگ هەیە
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی غەززە چەندین مانگ دەخایەنێت.
بەپێی راپۆرتی کەناڵ 12ی ئیسرائیلی، لەکۆبونەوەیەکی نهێنیدا لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، تەنانەت بە چڕکردنەوەی هەوڵە سەربازیەکانی لەناو کەرتی غەززە، ناتوانرێت بزوتنەوەی حەماس لە روی سەربازی و سیاسیەوە لە ناوببرێت، هەروەها کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە پێویستی بە شەش مانگ هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گەیشتن بە شکستی تەواوەتی بزوتنەوەی حەماس پێویستی بە درێژەدانە بە پێشڕەوییەکان لە دەرەوەی کەرتی غەززە، هەروەها گەیشتن بە بنکە سەربازییە ناوەندییەکانیش و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لە ڕوانگەی مەدەنییەوە.
زامیر راشیگەیاندووە، کە نایەوێت سوپا بەرپرسیارێتی مەدەنی لەئەستۆ بگرێت لەو ناوچانەی کە داگیری دەکەن و دواجار ئەم بابەتە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسییەوە یەکلایی دەبێتەوە.