بەهۆی کۆمێنتێک لەسەر چارلی کییەرک... کارمەندێکی دەزگای نهێنی ئەمریکا لە کارەکەی دوورخرایەوە
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی ئەمریکا یەکێک لە کارمەندەکانی بەهۆی نووسینی کۆمێنتێکەوە لە کارەکەی دوورخستەوە.
بەپێی وتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، کارمەندەکە کە ناوی "ئەنتۆنی بوف"ە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیبووی کە کییەرک "لە بەرنامەکانیدا وتاری کینە و رەگەزپەرستی بڵاودەکردەوە."بوف هەروەها نووسیبووی: "مرۆڤ لە کۆتاییدا لەبەردەم خودا وەڵام دەداتەوە... و ناتوانێت لە چارەنووس دەرباز بێت،" وەک ئاماژەیەک بەوەی کە کییەرک شایەنی ئەو چارەنووسە بووە.
لە بەرامبەردا، شۆن کۆران، بەڕێوەبەری دەزگاکە، لە یاداشتێکی ناوخۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە "هێرشە سیاسییەکان لە ئەمریکا نزیکەی رۆژانە لە زیادبووندان" و هۆشداریی دایە کارمەندەکانی کە "لەبری ئەوەی ببنە هۆی زیاتر گەورەکردنی گرفتەکە ببنە هۆی چارەسەر."
کۆران هەروەها وتی: "ئێمە سوێند دەخۆین کە پابەندی بەرزترین ستانداردەکانی رەفتار بین لەناو دەزگا و لە دەرەوەیدا. کاتێک کردارەکانمان سەرنجی نەرێنی رادەکێشن، ئەوا ئێمە لە ئەرکەکەماندا شکست دەهێنین و ئەو متمانەیە کە بۆ کارەکەمان پێویستە، لەدەست دەدەین."
وتەبێژی دەزگاکە لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند کە "دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی هیچ جۆرە رەفتارێک قبوڵ ناکات کە پێچەوانەی پەیمانی شەرەفی دەزگاکە بێت،" و دووپاتی کردەوە کە کارمەندەکە دەستبەجێ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستیپێکردووە.
لە کۆتایی نامەکەیدا، کۆران دەڵێت: "پێویستە هەموو رۆژێک بەبێ هیچ لایەنگیرییەکی سیاسی کاربکەین. ئێمە ئەمە قەرزاری خۆمان و ئەو کەسانەین کە سوێندمان خواردووە بیانپارێزین. هیچ لادانێک لەم پابەندبوونە رێگەی پێنادرێت."